عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی وەزارەتی نەوتی وڵاتەکەی ڕاسپارد کە بە زووترین کات ڕێوشوێنی پێویست بۆ کاراکردنەوەی بۆرییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بگرنەبەر، بەو پێیەی ئەو هێڵە گواستنەوەیە لەم قۆناخەدا بەدیلێکی ستراتیژی و گرنگە بۆ پاراستنی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق.
ئەم ڕێنماییانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی سەردانێکی مەیدانیدا هات بۆ بارەگای وەزارەتی نەوت، کە تێیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کەرتی وزە کۆبووەوە. زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر گرنگیی هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نهوتی خاو کردەوە و وەک هەنگاوێکی خێرا و پێویست وەسفی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە جیۆپۆلەتیکییە هەرێمییانەی کە بەرۆکی ناوچەکەیان گرتووە، بەتایبەتی ئەو ئەگەر و مەترسییانەی کە پەیوەستن بە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزەوە کە رێڕەوی سەرەکین بۆ فرۆشتنی نەوتی باشووری عێراق.
لەلایەکی دیکەوە، ساحیب بەزون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (INA) پشتڕاستی کردەوە کە سەرۆکوەزیران ڕێنمایی ڕاشکاو و توندی دەرکردووە بۆ پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و بۆرییە جێگرەوەکان، بە ئامانجی زیادکردنی داهاتی گشتی و پاراستنی ئابووریی وڵات لە هەر شۆکێکی دەرەکی.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا تەوەرێکی دیکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە بەدواداچوونی ئەو ڕێککەوتنانەی کە پێشتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا کراون، بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی وشکانی و بەکارهێنانی نەوتهەڵگرەکان، وەک پلانێکی فریاگوزاری و ئاسانکارییەک بۆ بەردەوامبوونی جوڵەی بازرگانیی کەرتی وزەی عێراق.