کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، داوای لە حکومەتی ئێران کرد دەستبەجێ، بەرپرسی نوسینگەی کهناڵێكی تهلهفزیۆنی ژاپۆن كه لە تاران دهستگیركراوه، ئازاد بکات.
کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئێران کرد، شینۆسۆکی کاواشیما، بەرپرسی نوسینگەی تەلەفزیۆنی گشتیی ژاپۆن NHK لە تاران و هەموو ئەو رۆژنامەنوسانەی بەهۆی کاری رۆژنامەوانییەوە دەستگیرکراون، دەستبەجێ ئازاد بکات.
شینۆسۆکی کاواشیما، 20ی مانگی یهكی ئهمساڵ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرا و رەوانەی ناوەندێکی گرتن لە باکووری تاران کرا، دواتر لە 23ی مانگی دوودا، گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین.
سی پی جهی ئاماژە بەوەش دەکات، پاسپۆرت و مۆبایل و کامێرای وێنەگری ئەم کەناڵە، مەهدی محەمەدی و تەنانەت مۆبایلی هاوسەرەکەشی، دەستی بەسەردا گیراوه هەروەها، یەکێکی دیکە لە کارمەندانی NHK، لە ئەنجامی گوشارەکان و چەندینجار بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوە، ناچار بووە ئێران جێبهێڵێت.