دەزگای دادوەریی ئێران سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کامیاراندا سەپاند، کە پێشتر بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکانی شاری تاران دەستبەسەر کرابوو.
سزاکەش لە لایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی تارانەوە وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە.
ڕێبوار مارابی، تەمەن 27 ساڵ، خەڵکی گوندی مارابی سەر بە شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری تاران، لە میانی خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2026 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشەوە سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
دوێنێ، لقی 36ـی دادگای تێهەڵچوونەوەی تاران، بڕیاری پێشووی دادگای شۆڕشی لە دژی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە پشتڕاستکردەوە و سزاکە بە شێوەیەکی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاریدا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنەکەی ڕێبوار مارابی بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک جێبەجێ بکرێت.