دەیان سیناتۆر، پەرلەمانتار، ئەکادیمی و پارێزەری ئیتاڵی داوای جێبەجێکردنی "مافی هیوا" بۆ ڕێبەری دامەزرێنەری پەکەکە دەکەن و جەخت لە سەر ڕۆڵی ناوبراو لە چارەسەریی سیاسیی کێشەکان دەکەنەوە.
پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە بە دەستپێشخەریی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەستی پێکردووە، بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا، دەیان کەسایەتیی ناسراوی وڵاتی ئیتاڵیا کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتاران و یاساناسانی وەک دۆمینیکۆ گالۆ و پێپی دی کریستۆفارۆ هەن، نامەیەکی فەرمییان بۆ گابرێل ڕێڤێڵ، سەرۆکی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا نارد.
لە نامەکەدا داوا کراوە "مافی هیوا" (مافی پێداچوونەوە بە سزای زیندانی هەتاهەتایی) بۆ ئۆجالان بناسرێت و هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی چڕ بکرێنەوە.
ئەو کەسایەتییانە لە نامەکەدا ئاماژەیان بە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ڕایانگەیاندووە، ئۆجالان لە بری بژاردەی سەربازیی، هەمیشە داکۆکی لە دیالۆگ و چارەسەریی سیاسیی کردووە.
لە بەشێکی نامەکەدا هاتووە، ئۆجالان ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەریی نیشانداوە، بەڵام مەرجەکانی زیندانی ئیمراڵی و سنووردارکردنی پەیوەندییەکانی، ڕێگرن لەبەردەم ڕۆڵگێڕان و کاریگەریی ناوبراو.
هەروەها ئاماژەیان بە ڕاپۆرتی شوباتی 2026ـی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی کردووە، تێیدا جەخت لە سەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کراوەتەوە.
لە نامەکەدا هاتووە، پەکەکە بە دەم بانگەوازەکەی ئۆجالانەوە چووە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی، بۆیە پێویستە کۆنسەی ئەوروپا هەنگاوی کردەیی بنێت.
واژۆکارانی ئەو نامەیە کە ژمارەیان دەگاتە دەیان کەس و نوێنەرایەتی لایەنە جیاوازەکانی ئیتاڵیا دەکەن، جەختیان کردووەتەوە، ئازادیی ئۆجالان چارەسەریی سەرەکییە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و دەبێت بڕیاری ئازادکردنی بدرێت تا بتوانێت بە شێوەیەکی چالاک بەشداریی لە پرۆسەی ئاشتیدا بکات.