گوتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، پێویستە هەنگاوی کردەیی و یاسایی بۆ پڕۆسەی ئاشتی بنرێت. جەختی لەوەشکردەوە، هیچ بڕیارێک بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی لە ئارادا نییە.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای گشتیی پارتەکەی، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، چارەسەریی دیموکراسیی پرسی کورد و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی چیتر دواناخرێت.
هەروەها بە توندی ڕەخنەی لەوە گرت، کە هێشتا هەنگاوی کردەیی بۆ چوارچێوەیەکی یاسایی سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نەنراوە.
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای بوونی لێکتێگەیشتنێکی گشتی لە نێوان لایەنەکاندا بۆ پرسی چەکدانان و چارەسەریی، بەڵام نەبوونی خشتەیەکی زەمانی و هەنگاوی یاسایی، نیگەرانییەکان زیاد دەکات.
گوتەبێژی دەم پارتی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە، کە باس لە ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی دەکەن و ڕایگەیاند، "لە ئێستادا هیچ باسێکی کۆنگرە و دووبارە ڕێکخستنەوە لە کارنامەی دەم پارتیدا نییە. ئەگەر لە داهاتوودا بڕیارێکی لەو شێوەیە بدرێت، بە فەرمی ڕایدەگەیەنین."
ئایشەگول دۆغان جەختی کردەوە، داهاتووی تورکیا لە ئاشتی، یەکسانی و دیموکراسیدایە نەک لە سیاسەتی ئینکارکردن و گوشار.