دەم پارتی ڕایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێویستیەکی مێژووییە و یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکانی تورکیا، پڕۆسەکە پرسێکی حزبی نییە، بەڵکو دەرفەتى دیموکراتیکبوونی وڵاتە، یەکگرتوویی کۆمەڵگا و گەشەسەندنی ئابوری دەڕەخسێنێت.
دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی پێنج ڕۆژییەکەی ناوەندی بڕیاردانی حزبەکەی لە ئەنقەرە بڵاوکردەوە و دەڵێت، زۆر بەڕوونی دەبینرێت بەهۆی چارەسەر نەکردنی پرسی کورد قەیرانی دیموکراتیکنەبوونی تورکیا قوڵتر دەبێتەوە، تەنها بە پێکهێنانی ئاشتی لەناوخۆی وڵاتدا دەتوانین بەرپەرچی هەڕەشە دەرەکییەکان بدەینەوە. پڕۆسەی ئاشتی تەنها گەلی کورد ناگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەخۆدەگرێت.
گوتیشی، ناکرێت تێکۆشانی دیموکراتیکبوون و ئاشتی لەیەکتری جیابکرێتەوە، ئاشتی تەنها بەبێدەنگبوونی چەک بەدینایەت، بەڵکو پێویستە زەمینەی یاسایی بۆ دروستبکرێت. گوتیشی، بەردەوام دەبن لە تێکۆشانیان لەدژی هزری پیاوسالاری بەدیهێنانی ئامانجی ئازادی و یەکسانی ژنان ئەمەشیان لە 8ـى ئازاری ئەمساڵدا زۆر بەباشی دەرخستووە.
دەشڵێت، ناکرێت گەل باجی هەڵاوسان و قەیرانی دارایی وڵاتەکە بدات و هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی قەیرانی ئابوری لە وڵاتدا سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتە. دەشڵێت، دەوڵەت هەوڵدەدات دەنگی ناڕازی لە وڵاتدا کپبکات و هیچ جۆرە یاسایەک ناناسێت و بەردەوامە لە دادگاییکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان. جەختی لەوەکردەوە، لەدژی گوشارەکانی حکومەت پەرە بەتێکۆشانیان دەدەن و ناوەستن.
سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی کرێکارانیش ڕایگەیاند، یەکی گوڵان ڕۆژی جیهانی هەموو کەسانی ژێردەست و کرێکارە و داوا لە گەل دەکەین لە یەکی گوڵاندا بە دروشمی " نان، ئاشتی، دادپەروەری" بڕژێنە ناو شەقامەکان.