ڕێبوار تەها لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی ڕایگەیاند، ئارەزووی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر هەیە، بەڵام بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە لایەنی بەرانبەر بایکۆتی ئیدارەی کەرکوکی کردووە.
ئەمڕۆ ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک سەردانی دیوانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێ کرد.
پاش کۆبوونەوەکە پارێزگاری کەرکوک لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، خوازیارە بەهەمان شێوە سەردانی دیوانی پارێزگای هەولێریش بکات، بەڵام پرسەکە پەیوەندیی بە سیاسەتەوە هەیە نەک خودی پارێزگارەکان. گوتیشی، "ئەوانن" کە بایکۆتی ئیدارەی کەرکوکیان کردوە، تا ئێستاش هیچ پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکیان لەم بارەیەوە بۆ نەکراوە.
ڕێبوار تەها گوتیشی، بەدرێژایی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هیچ موشەک و درۆنێک لە کەرکوکەوە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان نەکراوە. ئەوەشی وەک بوونی پلانێکی تۆکمە ناوبرد کە لەو شارە دایانناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندیی زۆرباشیان لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای سلێمانی هەبووە. گوتیشی، ئەمڕۆ سەردانی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسورەکە دەکات و مەبەستیانە لە کەرکوکیش پڕۆژەیەکی هاوشێوە پێشکەشی ئەو شارەکە بکەن.
لای خۆشییەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفڕانسەکەدا ڕایگەیاند، سلێمانی و کەرکوک هەمیشە دووانەیەکی لێکدانەبڕاون و ئێستاش هەروا دەبێت.
پارێزگاری سلێمانی گوتیشی، ئیدارەی هەردوو پارێزگاکە لە کاتی قەیران، کارەسات و رووداوە سرووشتییەکان و هەروەها لە بازرگانییدا هاوپشتی یەکتر بوون. جەختیشی کردەوە، پەیوەندیی سلێمانی و کەرکوک دەکەنە خاڵی شانازیی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.