دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سێ تۆمەتباری سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک دەستگیرکردووە، کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاریان بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی بووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی دەزگای ئاسایش، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان لە ماوەی مانگەکانی نیسان (٤) و حوزەیران (٦)ی ئەمساڵدا، لە دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، توانیویانە ئەو سێ سەرپێچیکارە دەستگیربکەن.
دەزگای ئاسایش ئاشکرای کردووە کە دەستگیرکراوەکان چالاکییەکانیان لە فەزای مەجازیدا بووە و زیاتر لە ١٠ پەیج و ئەژماری جیاوازیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (فەیسبووک، تیکتۆک، ئینستاگرام، تەلەگرام و یوتیوب) بەڕێوەبردووە، کە تێیدا ڤیدیۆ و پڕوپاگەندەی توندڕەوییان بۆ ڕێکخراوی داعش بڵاوکردووەتەوە.
لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و دەرکەوتووە کە ئامانجی سەرەکییان هاندانی گەنجان و مێردمنداڵان بووە بۆ وەرگرتنی بیری توندڕەوی و ڕاکێشانیان بۆ ناو ڕێکخستنە نهێنییەکانی داعش.