دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئەمشەو "گورزێکی زۆر سەخت و بەهێز" لە ئێران دەدات.
ئەم هەڕەشە توندەی ترەمپ لە کاتێکدایە هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە و پڕۆسەی گفتوگۆکانی ئاشتییش بە تەواوی پەکپەکەوتوون.
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترەس سۆشیاڵ نوسیویەتی: " ئەمریکا ئەمشەو زۆر بە توندی لە ئێران دەدات؛ ئەو ئێرانەی کە هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی، ڕادار، دژەفڕۆکە و سەرجەم جۆرەکانی دیکەی بەرگرییەکەی، لەگەڵ زۆربەی توانای هێرشبەرییەکەی لەناوچوون و نەماون."
هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی سەربازی، ترەمپ ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی پلانی هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "خارگ" و ژێرخانە نەوتییەکانی دیکەی ئێران.
دوورگەی خارگ کە دەکەوێتە ناو کەنداوی عەرەبی "کەنداوی فارس"، شادەماری ئابووریی ئێرانە و نزیکەی 90٪ی هەناردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتەی لێوە بەڕێوەدەچێت.
ترەمپ لەم بارەیەوە گوتی: "لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئێمە دوورگەی خارگ و خاڵەکانی دیکەی ژێرخانی نەوتی ئێران دەگرین، و کۆنترۆڵی تەواوی بازاڕەکانی نەوت و گازی ئەوان دەکەین؛ ڕێک هاوشێوەی ئەو کارەی لەگەڵ ڤەنزوێلا کردمان، کە ئێستا بە شێوەیەکی درەوشاوە و سەرکەوتووانە هەم بۆ ڤەنزوێلا و هەم بۆ ئەمریکا کار دەکات."