ئەو دورگەیەی بووبووە جێ سەرنجی گەشتیاران و سەردانیکەرانی، خەریکە تووشی قەیرانێکی مرۆیی قوڵ دەبێت و ژیان تێیدا رادەوەستێت.
کوبا وەک یەکێک لە گەورەترین دورگەکانی دەریای کاریبی رووبەڕووی قەیرانێکی قورسی نەبوونی و خۆراک و سووتەمەنی بووەتەوە، بەجۆرێک ساردکەرەکان کار ناکەن و تەنها هەندێک خۆراک بەردەستە ، خۆڵ و خاشاکیش شارەکانی تەنیووە بههۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێلهکانی پاککەرەوە.

هۆکارە سەرەکی قوڵبوونەوەی قەیرانەکە نەبوونی سووتەمەنییە، کە بووەتە هۆی پەکخستنی هاتوچۆ لەنێوان شارەکان، تەنانەت رۆژانی خوێندن کەمکراوەتەوە بۆ چوار رۆژ و لە هەندێک کۆمپانیای وڵاتەکەش کارکردن وەستاوە.
دوو هۆکار دۆخی کوبا سەخت کردووە، بههۆیانهوه هاتوچۆ گەڕاوەتەوە بۆ پاسکیل و شەوانیش هاڤانای پایتەخت لە شارێکی چۆڵ و بەجێهێڵدراو دەچێت، یەکەم دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە نیوەشدا، کە هاوپەیمانێکی نزیکی کوبا بوو هاوکاری و نەوتی رەوانەی وڵاتەکەی دەکرد، بەڵام لەگەڵ دەستگیرکردنی مادرۆ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەستبەجێ هەناردەکردنی سووتەمەنی بۆ وڵاتەکە راگرت.
هەرچەندە کوبا خاوەنی 124 ملیۆن نەوتی یەدەگە، بەڵام بەهۆی خراپی کوالیتی و نەبوونی ئامێری پێویست ناتوانێت سوودی لێ ببینێت.
هۆکارێکی دیکە سرووشتییە، کە لە کۆتایییەکانی ساڵی رابردووە سێ زریانی گەورە وڵاتەکەی گرتەوە و بەشێکی زۆری بەربوومەکان لەناوچوون و ئەوەشی ماوە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆ ئامێرە کشتوکاڵییەکان ناتوانرێت کۆبکرێنەوە.
ئەم قەیرانی سووتەمەنییە بەجۆرێک کاریگەری خراپی هەبوو، تەنانەت ئەو فڕۆکانەی لە وڵاتەکە دەنیشنەوە سووتەمەنییان دەستناکەوێت، بە ناچاری دەبێت لە وڵاتێکی دیکەش بنیشنەوە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی وڵاتەکەش بە هێڵە ئاسمانییەکانی گوتووە، ناتوانین سوتەمەنیتان بۆ دابین بکەین.
ئەمریکا لە دوای دەستگیرکردنی مادورۆ هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی رژێمی کوبا چرکردووتەوە و ترەمپ، مارکۆ رۆبیۆی بۆ ئەو کارە راسپاردووە کە بەڕەچەڵەک کوباییە.
بەرپرسانی کوباش لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکادا دەڵێن: ئێمە بەسەر ئەم قەیرانەدا سەردەکەوین و مل بۆ داواکانی ئێوە نادەین.
کوبا، دورگەیەکە بە 11 ملیۆن دانیشتووانەوە دەکەوێتە سەر دەریای کاریبی، تەنها حزب لە وڵاتەکە پارتی کۆمۆنیستی کوبایە، کە لە ساڵی 1959ـەوە لەلایەن فیدڵ کاسترۆوە دامەزراوە و ئێستا میگوێل کانێلەوە سەرۆکایەتی دەکات، هەر خۆشی سەرۆکی وڵاتەکەیە.