ڕاستەوخۆ

دامەزراوەی پەی: ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکان پەرلەمانی کردووەتە بارمتە

reset font size increase font size

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە چوارەم ڕاپۆرتی خۆیدا لەسەر خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ململانێی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵات و پۆستەکان، پەرلەمانی کردووەتە بارمتە و بووەتە هۆی داخرانی دەرگای ئەم دامەزراوەیە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی سوێندخواردنی 97 ئەندامی پەرلەمان لە 2ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024دا، هیچ دانیشتنێکی تر کۆی نەکردوونەتەوە و ئێستا پەرلەمان تەنها لە ڕووی فۆرم و وەرگرتنی مووچەوە هەیە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە بە تەواوی پەکخراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پەککەوتنی پەرلەمان قەیرانی قووڵی سیاسی، یاسایی و دامەزراوەیی دروستکردووە و متمانەی هاووڵاتیانی بە پرۆسەی دیموکراتی لاواز کردووە؛

هاوکات ڕێگەی خۆشکردووە بۆ دەستێوەردانی زیاتری بەغداد لە ڕێگەی دادگاکان و کەرتی داراییەوە، کە ئەوەش دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی کەمکردووەتەوە. پەی جەخت دەکاتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی 78 هەفتەی کارکردندا، دەکرا 156 دانیشتنی پەرلەمانی، 684 کۆبوونەوەی 19 لیژنە هەمیشەییەکە، و 78 دانیشتنی چاودێری و لێپرسینەوە لەگەڵ حکومەت ساز بکرێت، بەڵام سەرجەمیان پەکخران.

دامەزراوەی پەی دەڵێت، پێویست بوو لە یەکەم دانیشتندا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت، کابینەی نوێ متمانە وەربگرێت و بودجەی ساڵانی 2025 و 2026 پەسەند بکرێت، بەڵام زاڵبوونی بڕیاری حزب بەسەر دامەزراوەکاندا ڕێگر بوو.

 ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە هێزە دەسەڵاتدارەکان پەرلەمانی کارایان ناوێت، چونکە پەرلەمان بە هەڕەشە بۆ سەر شێوازی حکومەتداریی خۆیان دەبینن، بەو پێیەی لە کاتی نەبوونی چاودێریدا، بڕیارەکان و پێشێلکارییەکان لە تاریکیدا دەمێننەوە و بێ لێپرسینەوە تێدەپەڕن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.