ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان ڕادەگەیەنێت، ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نییە جگە لە کشانەوەی بێمەرج لە لوبنان، هاوکات سەرجەم هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ڕەت دەکاتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 26ی حوزەیرانی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا بە بۆنەی یادەکانی عاشوراوە لە ڕێگەی گوتارێکی تەلەفزیۆنییەوە ڕایگەیاند: "هیچ بژاردەیەکی تر لەبەردەم ئیسرائیلدا نەماوەتەوە؛ دەبێت بە تەواوی لە تەواوی خاکەکانی لوبنان بکشێتەوە. پێویستە ئیسرائیل بەبێ چەسپاندنی هیچ مەرجێک لە لوبنان بچێتە دەرەوە."
ئەم لێدوانانەی نەعیم قاسم لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەردەوامن لە گەڕی پێنجەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانیان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەگەری.
سەرۆکی حزبوڵا جەختی لەوە کردەوە کە ڕێکخراوەکەیان هیچ جۆرە سازشێک قبووڵ ناکات و گوتی: "دەبێت ئیسرائیل وەک لایەنێکی شکستخواردوو لە لوبنان بکشێتەوە، ئەوەی ڕوودەدات هەر ئەمەیە."
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە 2ی ئازاری 2026وە سەرلەنوێ دەستیان پێکردەوە، دوای ئەوەی حزبوڵڵا ڕایگەیاند کە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لەو بەروارەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، زیاتر لە 4,100 کەس لە لوبنان گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشە متەمادلانەی نێوانیان، میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردەوە کە ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل لە شارۆچکەیەکی باشووری لوبنان داوایان لە دانیشتووان کردووە ناوچەکەیان چۆڵ بکەن.
ئەمەش یەکەمین فەرمانی چۆڵکردنی لەو شێوەیەیە کە لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە ناوچەکەدا دەربچێت.