وەزارەتی دارایی عێراق سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕادەسپێرێت کە دەستبەجێ ڕێکاری پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان بگرنەبەر و جەخت دەکاتەوە کە ئەمە مافێکی یاسایی خۆیانە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، فالح ساری، وەزیری دارایی، داوای لە سەرجەم وەزارەت و دەستە ناستراتیژی و سەربەخۆکان کردووە، بەگوێرەی ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان، پرۆسەی پێدانی سەرمووچە (عەلاوە) و پلەبەرزکردنەوەی (تەرفیع) فەرمانبەران و مامۆستایانی دەوڵەت کارا بکەنەوە.
خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی:
نوێکردنەوەی لیستەکان: داوا لە وەزارەتەکان کراوە بەپێی بڕیارە نوێیەکە لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان هەموار بکەنەوە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکەن.
پابەندبوونی یاسایی: وەزیری دارایی جەختی کردووەتەوە کە سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوە ماف و شایستەی دارایی فەرمانبەرانە و حکومەت بەپێی یاسا پابەندە بە جێبەجێکردنی.
چارەنووسی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سەرڕای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بڕیار دراوە مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بەغدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ خەرج بکرێت، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتی دارایی عێراق فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە یان تەنیا تایبەتە بە فەرمانبەرانی سەر بە حکومەتی فیدراڵی.