سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و 10 هاوڕێی لە گیراوانی لالەزار بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دۆسیەکە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانە، بۆ مانگی داهاتوو دواخرا.
بورهان ڕەشید گوڵە، دەڵێت: "دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و 11 گیراوی دیکە، لەسەر ماددەی 56 بۆ 09-03-2026 دواخرا؛ بەهۆی ئەوەی دۆسیەکە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانە تاوەکو بڕیار بدرێت دادگاییەکە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر یان لە سلێمانی بەردەوام بێت".
هەفتەی ڕابردوو، دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەگەڵ 10 هاوڕێی دیکەی، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کرا. ئەم هەنگاوە یاساییە وەک بەشێک لە مافی تانەدان لە بڕیارەکان و پێداچوونەوە بە بەڵگەکان دەبینرێت، کە دەبێتە هۆی وەستانی کاتیی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە لە دادگای پلە یەک.
ڕۆژی 22ی ئابی 2025 هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هەڵیان کوتایە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی و هۆتێل لالەزار و دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ و پێکدادان، لاهور شێخ جەنگی و نزیکەی 300 هاوڕێی دەستگیرکران، تا ئێستا بەشێکی زۆر لە دەستگیرکراوەکان ئازاد کراون.