گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی هەیە، بە ئەگەری زۆرەوە ئەمساڵ بە پاس هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان گەشتی سعودیە دەکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ڕێکارەکانی مامەڵەی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و کار لەسەر ئەوە دەکرێت بەبێ گرفت لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەک و پاڵپشتییەکی کردوون، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە هاوکاری حاجیان بکەن، هەروەها شاندێکی حەج و عومرەی عێراقیش ئێستا لە وڵاتی سعودییەن، بە مەبەستی کار ئاسانیکردن بۆ گەشتی هاوڵاتیان بۆ ئەو وڵاتە.
بڕیارە بۆ ئەمساڵ پێنج هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج بچنە سعودیە.