هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ چالاکوانێکی دیار دەرکردووە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی فراوانە دژ بە بەشداربوانی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی شاری دیمەش.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا لە شاری ئیدلب بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ مازن عەرجا، چالاکوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکردووە. بڕیارەکە دوای بەشداریی ئەم چالاکوانە دراوە، لە خۆپیشاندانێکی دژ بە حکومەتی دیمەشق.
مازن عەرجا کە لە ساڵی 2011ـەوە وەک چالاکوانێکی دیاری ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بە ڕەخنە سیاسییەکانی دەناسرێتەوە، لە 17ـی نیسانی 2026دا بەشداریی لە خۆپیشاندانی یاسا و شکۆ کردووە لە گۆڕەپانی یوسف عەزمە لە دیمەشق.
دەسەڵاتدارانی حکومەتی دیمەەشق پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە هەڵمەتێکی میدیاییان دژ بە ڕێکخەرانی چالاکییەکە دەستپێکردووە و بە پاشماوەی ڕژێمی پێشوو و گرێدراوی وڵاتانی دەرەوە تۆمەتباریان کردوون.
چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ ئەم هەنگاوەی حکومەتی کاتیی سوریا وەک بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە سیاسییەکان دەبینن. ئەمە لە کاتێکدایە خۆپیشاندانەکەی دیمەشق کە مازن عەرجا تێیدا بەشدار بووە، نزیکەی 20 داواکاری سەرەکی بۆ چاکسازی و گەڕاندنەوەی شکۆی یاسا لەخۆگرتبوو.