دوێنێ، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە بارەگای گشتیی پارتەکەی لە ئەنقەرە سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکە لەگەڵ ئۆجالان کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگ تاوتوێ دەکەن، لەوانە پرۆسە یاساییەکان و ئەو بابەتانەی لە ڕای گشتیدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
گوتەبێژی دەم پارتی گوتیشی، "کۆبوونەوەکە دوو تەوەر لە خۆ دەگرێت یەکەم: گفتوگۆکان سەبارەت بە بارودۆخ و پێگەی ئۆجالان و رێکخستنە یاساییەکان. دووەم: ئەو چوارچێوەیەی کە بڕیارە بۆ چەکدانان ئامادە بکرێت." جەختیشی کردەوە کە پێویستە تەواوی پرۆسەکە بخرێتە سەر بنەمایەکی یاسایی و پێشنیازەکانی ئۆجالان لەو بارەیەوە وەربگیرێن".
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، دوایین جار لە 16ـی شوباتی 2026 سەردانی دوورگەی ئیمراڵیان کرد، لەو دیدارەدا کە سێ کاتژمێر و نیوی خایاند، گۆڕانکارییەکانی سوریا و پرۆسەی چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا تاوتوێ کرابوون.