بە گوێرەی ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، پێگەی وڵاتی ئێران لە ڕیزبەندیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی ساڵی 2026ـدا پلەیەک دابەزیوە و گەیشتووەتە ڕیزبەندیی 177ـەمین وڵات.
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور کە بنکەکەی لە پاریسە ڕایگەیاندووە، ئێران لە نێو 180 وڵاتی جیهاندا کە لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوە، هێشتا لە ناو لیستی ئەو وڵاتانەدایە کە خراپترین دۆخی ئازادیی میدیایان هەیە.
ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە، سەرکوتکردنی میدیاکان، سنووردارکردنی توندی یاسایی و گوشار بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە ئێران بەردەوامە.
ئەم دۆخە وایکردووە، ئێران لە ڕیزبەندییەکەدا هاوشانی وڵاتانی وەک ئەریتریا (پلەی 180)، کۆریای باکوور (پلەی 179)، چین (پلەی 178) و سوریا بێت، کە خراپترین وڵاتانی جیهانن لە ڕووی ئازادیی گەیاندنی زانیاریی.