حوسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هەڕەشەی داخستنی گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب لە دەریای سوور دەکەن و ڕایانگەیاندووە، کەشتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج.
ئەم گروپە لە راگەیەنراوێکدا، هۆشدارییان داوەتە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت ئوردن، سعودیە و ئیمارات، کە خۆیان بەدوور بگرن لە ڕێگری کردن یان خستنەخوارەوەی ئەو موشەکانەی لەلایەن ئێران یان گروپە هاوپەیمانەکانییەوە دەهاوێژرێن. حوسییەکان جەختیان کردووەتەوە، هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە وەک "هاوکاریی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دوژمنان" ئەژمار دەکەن.
گەروی بابولمەندەب، دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەب دەبەستێتەوە، یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ بازرگانی و گواستنەوەی وزە. ڕۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لەم گەروەوە بۆ ئەوروپا، ئەمریکا و ئاسیا دەگوازرێتەوە.
عەبدولمەلیک حوسی، ڕێبەری حوسییەکان ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ دەستوەردان لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.