ڕاستەوخۆ

حزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستان: مافی کورد 40 کورسی پەرلەمانی سوریایە نەک چوار کورسی

reset font size increase font size

 

ناڕەزایەتییەکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەرانبەر بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان توندتر دەبن، و حزبە کوردییەکان بە فەرمی پرۆسەکە بە "پەراوێزخستنی بەئەنقەستی پێکهاتەی کورد" ناودەبەن.

لە نوێترین هەڵوێستدا، 10 پارت و ڕێکخراوی ڕۆژئاوای کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە؛ تێیدا بە توندی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریایان ڕەتکردەوە، کە تێیدا تەنیا چوار کورسی بۆ نوێنەرانی کورد تەرخانکراوە لە کۆی 210 کورسیی گشتیی ئەنجومەنەکە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەم پشکە کەم و بێبایەخە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە قورسایی دیمۆگرافی، مێژوویی و سیاسیی گەلی کورد لە سوریا ناکات و ئەمە درێژەپێدانی هەمان ئەو سیاسەتە شۆڤێنیانەیە کە ساڵانێکە دەیانەوێت ئیرادەی ئازادی کورد بشکێنن و لە ناوەندەکانی بڕیاردان دووری بخەنەوە."

حزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان و قوربانیانی کورد لە پێناو پاراستنی خاکی سوریا، پێویست بوو کورد خاوەنی نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بێت کە کەمتر نەبێت لە 40 کورسی پەرلەمانی، تەنیا بەمەش هاوسەنگیی سیاسی و مافی نەتەوەیی پێکهاتەکان دەپارێزرێت.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، کە دۆخی ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و سەرکردایەتی سیاسی کورد لە ڕۆژئاوا پێیوایە کە گۆشەگیرکردنی کورد لە دەستوور و پەرلەمانی داهاتووی سوریادا، قەیرانەکانی ئەو وڵاتە قووڵتر دەکاتەوە و ڕێگا لە هەر چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر دەگرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.