ڕاستەوخۆ

جەی دی ڤانس: ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران مسۆگەر نییە و تاران لە ناوخۆدا پەرتەوازەیە

reset font size increase font size

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی دانوستان لەگەڵ ئێران و رایگەیاند، تاران لە ناوخۆدا تووشی جۆرێک لە پەرتەوازەیی بووە کە وایکردووە هەڵوێستی ڕەسمی ئەو وڵاتە لە دانوستانەکاندا ناڕوون بێت.

ڤانس گوتی: "تۆ هەرگیز نازانیت چی روودەدات تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت، ئێمە بە نیەتێکی پاکەوە دانوستان دەکەین بەڵام تاوەکو رێککەوتنەکە نەبینین، دڵنیا نابین."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەکەی تڕەمپ بە وردی چاودێری درزەکانی ناو دەسەڵاتی ئێران دەکات و وتی: "لە نێوان ڕێبەری باڵا و بەرپرسانی خوار ئەو، هەڵوێستی جیاواز هەیە و زۆرجار نازانرێت تیمی دانوستانکار بە دیاریکراوی چی دەوێت."

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن گوایە واشنتن رازی بووە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران رادەستی رووسیا بکرێت، ڤانس بە تووندی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و وتی: "ئەمە نە پلانی ئێمەیە و نە پلانی تاران، سەرۆک تڕەمپیش بە هیچ شێوەیەک حەزی بەم پێشنیارە نییە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڤانس بەرگری لە سیاسەتەکانی دۆناڵد تڕەمپ کرد و وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە دەڵێن سەرۆک خەمی باری دارایی ئەمریکییەکانی نەبووە لە کاتی گرژییەکاندا، گوتی: " کاتێک ئەو دەڵێت بیرم لای دارایی خەڵک نییە، مەبەستی ئەوەیە لە کاتی گفتوگۆ لەگەڵ ئێرانییەکان تەنیا یەک ئامانجی سەرەکی هەیە، ئەویش رێگرییە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئەوە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان."

لە کۆتایی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لە چالاکییە داراییەکانی تڕەمپ کرد و وتی کە سەرۆک هیچ دەستوەردانێکی نییە لە کڕین و فرۆشتنی پشکەکاندا و راوێژکاری دارایی تایبەت بە خۆی هەیە، هاوکات جەختی کردەوە کە ئیدارەکەیان کار دەکات بۆ یاسایەک کە رێگری بکات لە بەرپرسانی حکومی سود لە زانیارییە نهێنییەکان وەربگرن بۆ بازرگانیکردن لە بازاڕەکانی پشکدا.

ئەم لێدوانانەی ڤانس لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و جیهان چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتووی واشنتن دەکەن سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوچەکە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.