ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بە درۆن هێرشکرایەوە سەر فڕکەخانەی هەولێر، بەڵام درۆنەکان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێنران.
هێرشە درۆنیەکان بە دیاریکراوی کاتژمێری 6ی ئێوارە ڕوویدا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتەوە.
ئەم هێرشانە دوای کەمتر لە دوو کاتژمێر لە بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی باڵای ئێران دێت، کە گوتی لە هێرشەکانمان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەردەوام دەبین.
هاوکات کەمێک پێش ئێستا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، داوا لە هاوڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین پابەندی ڕێنوێنییەکان بن.
بەیانی ئەمڕۆش پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە شەوی ڕابردووەوە 18 هێرشی درۆنیی بۆ سەر ئاسمانی هەولێر کراوە و هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووتەوە.
لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران، تا ئێستا بە زیاتر لە 200 درۆن هێرشکراوەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان.