دوای دوو ڕۆژ لە گەڕان و پشکنین، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی ئیبراهیم ئیسماعیل، کە دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی ڕەواندز بوو، لە ناوچەیەکی سەختی ئاویی سەر بە سنووری ڕەواندز دۆزرایەوە.
کاروان میرودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، ڕایگەیاند کە تیمێکی ١٢ کەسی ڕاسپێردرابوون بۆ دۆزینەوەی گەنجەکە و دواجار توانرا تەرمەکەی بدۆزرێتەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی هەڵکەوتەی شوێنەکەوە، هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی تەرمەکە و گواستنەوەی بۆ پزیشکی داد بەردەوامن.
مامی گەنجەکەش ئاماژەی بەوە دا کە ناوبراو رۆژی یەکشەممە بە مەبەستی ڕاوەماسی لە ماڵ دەرچووە و تەنیا کەلوپەلەکانی لە خەرەندی خاڵەڕەش لە نزیک ڕووباری کاولۆکان جێمابوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا ١١ حاڵەتی خنکان لە چەم و ڕووبارەکانی سنووری ئیدارەی سۆران تۆمار کراون و ١٠ کەسیش لە خنکان ڕزگار کراون.