دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی، "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکای پێگەیشتووە، کە تێیدا پەیامی سەرکۆنەکردنی توندی دۆناڵد ترەمپیان بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان گەیاندووە".
ئاماژە بەوەکراوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوسۆزیی ترەمپی کردووە و نوسیوویەتی، "پێزانینم بۆ هاوسۆزیی سەرۆک ترەمپ و سەرەخۆشیی بۆ خێزانی شەهیدان هەیە، هەروەها سوپاسی بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ئەمریکا دەکەم بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان".
بە گوێرەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دۆناڵد ترەمپ بە تایبەتی ئاماژەی بەو هێرشە درۆنییە کردووە، کە کراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک و سەرکۆنەی کردووە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە دەڵێت، "تۆم باراک جەختی لە پشتگیریی تەواوی ترەمپ و ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە".