حكومه‌تی کاتى سوریا ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباری كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی دیمه‌شقی ڕاگه‌یاند، كه ساڵی 2013 ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتی مه‌ده‌نی گوله‌باران كرد و دواتریش ته‌رمه‌كانی سوتاند.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 24ـی نیسانی 2026، وه‌زاره‌تی ناوخۆی سوریا ڕایگه‌یاند، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی ساڵی 2013ـی دیمه‌شقیان، ده‌ستگیر كردووه.
له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومەتى کاتى سوریا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، دوای چه‌ند ڕۆژێك به‌دواداچوونی ورد، توانیویانه "ئەمجەد یوسف" ئه‌نجامده‌ری كۆمه‌ڵكوژییه گه‌وره‌كه‌ی دیمه‌شق، له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری حه‌ما ده‌ستگیر بكه‌ن.
ده‌شڵێن، تۆمه‌تباره‌كه ده‌ده‌نه دادگه و كه‌سوكاری قوربانییه‌كانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه ده‌بنه به‌شێك له دۆسییه‌كه و به‌شداریی له دادگاییكردنه‌كه ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، ساڵی ڕابردوو چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌یان ده‌ستگیركردووه، كه له هه‌مان دۆسیه تێوه‌گلاون و تۆمه‌تبارن له به‌شداریی له كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌دا.
ڕۆژی 16ـی نیسانی 2013 له گه‌ڕه‌كی ته‌زامون له دیمه‌شق، هێزه ئه‌منییه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی مه‌ده‌نییان گوله‌باران كرد و هه‌موویان خستنه چاڵێكه‌وه، دواتریش ئاگریان له ته‌رمه‌كان به‌ردا.
ئه‌مجه‌د یوسف، ئه‌وكات یه‌كێك له به‌رپرسانی هه‌واڵگریی سه‌ربازیی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌سه‌د بوو، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی دۆسیه‌كه‌یه و له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ده‌رده‌كه‌وێت، هاوار به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌كات، كه چاو و قۆڵیان به‌ستراوه، ڕاسته‌وخۆ ته‌قه‌یان لێده‌كه‌ن و ده‌یانكوژن.