لە کاتێکداهێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە، لەبەرامبەریشدا، ئێران بە دەیەها موشەک و درۆن ئیسرائیل و ناوچەکەی کردووەتە ئامانج، هەردوولا لای خۆیانەوە بەڵێنی "بردنەوەی شەڕ"ەکە دەدەن.
کیۆمارس حەیدەری، جێگری فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەنبیای ئێران، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، گرنگ نییە ئەم شەڕە چەند ڕۆژ دەخایەنێت، ئێمە جەنگێکی هەشت ساڵەمان کردووە و ئەزموونمان هەیە، تەنها کاتێک کۆتایی بەم شەڕە دەهێنین کە ئامانجەکانمان بەدیبهێنین و دوژمنمان لە کردەوە شەرمەزارکەرەکەی پەشیمان بێتەوە.
لەبەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، بە ئیسرائیلیمان ڕاگەیاندووە، ‘تا کۆتایی بەردەوام بن’.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، شەوی ڕابردوو یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەگەڵ پیت هێگسێتی هاوتا ئەمریکییەکەی قسەی کردووە.
لە ڕاگەیندراوەکە هاتووە، ئەمریکا "ستایشی هاوکاری بێ وێنەی" نێوان سوپای ئەمریکا و ئیسرائیلی کردووە و پێی گوتووە "تا کۆتایی بەردەوام بن، ئێمە لەگەڵ ئێوەین".