تولای هاتیمۆغوڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی لە میانەی بەشداریکردنی لە چالاکی "بەیەکگەیشتنی ژنان بۆ کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" لە قەرس ڕایگەیاند، "چاوەڕێ بووین دوای پێشکەشکردنی ڕەشنووسی کۆمیسیۆن بۆ پەرلەمان هەندێک یاسا لەپێناو چارەسەریی پرسی کورد هەمواربکرێنەوە".
گوتیشی، "ڕاستە لە ئێستادا بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە هەندێک بواردا وەستاوە، بەڵام وەک ژنان لەو بڕوایەداین دەتوانین سەرجەم بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی تێپەڕێنین".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی پێداگرین لە سەر بەردەوامیی پڕۆسەی ئاشتی". گوتیشی، زلهێزەکانی جیهان دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنن هەر لەم پێناوەشدا لەهەوڵدان ناکۆکی و شەڕ لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا دروستبکەن.
لە بارەی سەردانی دایکانی ئاشتی باکوری کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی تورکیاش تولای هاتیمۆغوڵاری ڕایگەیاند، سەردانەکەی دایکانی ئاشتی و پێداگرییان لە سەر بەردەوامیی پڕۆسەکە خاوەن گرنگییەکی زۆرە ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆرینەیان ڕۆڵەکانیان لەدەستداوە، بەڵام جارێکی تر پێداگریی خۆیان لە سەر بەردەوامیی پڕۆسەکە دەربڕی.