ڕاستەوخۆ

ئاسایشی هەرێمی کوردستان گەورە قاچاقچییەکی مرۆڤی دەستگیرکرد

reset font size increase font size

 

دوای ئاشکرابوونی ناسنامە راستەقینەکەی لە لایەن تۆڕی میدیایی بی‌بی‌سی، هێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گەورە قاچاقچییەکی مرۆڤیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستگیرکرد کە گومان دەکرێت بەرپرس بێت لە گواستنەوەی هەزاران کۆچبەر بۆ بەریتانیا.

تۆمەتبارەکە ناوی "کاردۆ جاف"ـە و تەمەنی 28 ساڵە، بەڵام لە نێو کۆچبەران و قاچاقچییەکانی هاوڕێیدا بە "کاردۆ ڕانیەیی" ناسراوە. 

کاردۆ بۆ چەندین ساڵ بە ناسنامەی ساختە کاری کردووە، ئەمەش وایکردبوو کە دەزگا ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان نەتوانن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکەن، تاوەکو هەفتەی رابردوو لە رێگەی تیمی لێکۆڵینەوەی مەیدانی و نهێنیی بی‌بی‌سی ناسنامە و ناوی راستییەکەی ئاشکرا کرا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی بی بی سی، کاردۆ جاف لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەر کراوە و لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

لای خۆشییەوە، ئاژانسی نیشتمانیی نەهێشتنی تاوان لە بەریتانیا (NCA) پشتڕاستی کردەوە کە رۆژی ١٣ی ئایار تۆمەتبارێکی سەرەکیی قاچاقچێتیی مرۆڤ دەستگیرکراوە.

 راب جۆنز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاژانسەکە رایگەیاند: "ئەمە دەستگیرکردنێکی زۆر گرنگە و پەیامێکە بۆ هەموو ئەوانەی پێیان وایە لە دەرەوەی وڵات لە سزا رزگاریان دەبێت."

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کاردۆ جاف لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ریکلامی بۆ کارەکەی کردووە؛ ئەو گەشتی "VIP" بە فڕۆکە تاوەکو مانچستەر بە بڕی160 هەزار پاوەند بۆ خێزانە دەوڵەمەندەکان پێشنیاز کردووە، لە بەرانبەریشدا کۆچبەرە کەم دەرامەتەکانی لە نیوەشەودا سواری بەلەمی چووپ و پڕمەترسی کردووە بۆ پەڕینەوە لە دەریای مانش.

دکتۆر فۆئاد نادر، ئەندامی کوردی پەرلەمانی عێراق لەمبارەیەوە بە میدیاکانی راگەیاندووە، ئەم تۆڕە زۆر بەهێزە و نزیکەی ٧٠٪ی کۆچبەری نایاسایی بۆ بەریتانیا لە رێگەی ئەم تۆڕەوە کۆنتڕۆڵ کراوە کە بنکەی سەرەکییان لە شاری رانیەیە.

 تائێستا لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتبارەکە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.