توركیا دهیهویت یهكێك لهو كوردانهی كه له ئاههنگهكهی دوێنێی ئیستهنبوڵ دهستگیركرا ڕهوانهی سوریای بكاتهوه.
دوێنێ یهكشهممه لە کاتی ئاهەنگی نەورۆز لە مەیدانی (یەنی کاپی)ی شاری ئیستەنبوڵ 26 کەس دەستگیرکران، 25 کەسیان پاش لێوەرگرتنی وتە ئازاد کران.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان، کە هاوڵاتییەکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، تا ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری بیانییان لە ئیستەنبوڵ دەستبەسەرە و بڕیارە ڕەوانەی ناوەندی گەڕاندنەوە بکرێت بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەی بۆ سوریا.
لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەی یاساناسانی ئازادیخواز، سەبارەت بەو بابەتە ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بەهۆی گوتنەوەی دروشم و پۆشینی جلی کوردی ئەو هاوڵاتییانەیان دەستگیرکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری ڕەوانەکردنی هاوڵاتییە ڕۆژاواییەکە بۆ سەنتەری گەڕاندنەوە نایاساییە و ئەوان وەک پارێزەران بەردەوام دەبن لە تێکۆشانی یاسایی دژی ئەو پێشێلکارییانەی ماف و ئازادییەکان دەبەزێنن.