ڕاستەوخۆ

هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات: کۆماری ئیسلامی ئاگربەست بۆ پاکتاوکردنی نەیارانی بەکاردێنێت

reset font size increase font size

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەبارەی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان لە کوردستان و ئێران بڵاو کردەوە و تێیدا جەختییان لەوە کردەوە، دەسەڵاتی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە جۆراوجۆرەکانی، په‌تی سێدارەی دژ بە تێکۆشەرانی ئازادیخواز فراوانتر کردووە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە لە ڕاگیاندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی شاردنەوەی شکستە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکانی، هەڵمەتێکی نوێی لەسێدارەدانی دژ بە بەندکراوانی سیاسی بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی دەست پێ کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سەرکوت و لەسێدارەدانەکان لە ناوخۆ و بەردەوامیی مووشەکبارانی حیزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا پەرە دەستێنن کە ڕێژیم لە ململانێی نێودەوڵەتیی خۆیدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تووشی شکستی ستراتیژی و کەلێنی ئەمنیی قووڵ بووە، بۆیە پەنای بۆ قەیرانخوڵقاندن لە دەرەوە و قەڵتوبڕ لە ناوخۆ بردووە".

هاوپەیمانییەکە جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەنجامدانی ئەم تاوانانە لە کاتی ئاگربەستی کاتیدا، بەڵگەیە، کە ئێران تەواوی دەرفەتەکان و تەنانەت خودی ئاگربەستەکەش بۆ پاکتاوی فیزیکیی دژبەرانی ناوخۆیی بەکاردێنێت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان پێی وایە تۆمەتەکانی وەک 'سیخوڕی' یان 'شەڕی چەکداری' بێ بنەمان و تەنیا چەکێکی تۆڵەسەندنەوەن لە خەڵکی مافخواز. هەر بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، لەسێدارەدانی سەدان کەس تەنیا وەک پێشێلکاریی مافی مرۆڤ سەیر نەکات، بەڵکو وەک تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی بیناسێنێت.

هاوکات هۆشدارییان دا، کە هەر جۆرە دانوستانێک ڕێگە لەم لەسێدارەدانە هەڕەمەکییە نەگرێت، تەنیا تەمەنی ئێران درێژ دەکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانییەکە داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا و حکومەتە دیموکراتەکان کرد، فشارەکانیان چڕ بکەنەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕابگرن و پرسی سەرکوتی ناوخۆیی ببەنە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەروەها داوایان لە سەرجەم نەتەوەکانی ئێران و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان کرد، بە یەکڕیزی و هاوخەباتیی بە کردەوە، پاشەکشە بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران بکەن.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان