دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "لەو لایەنە تووڕەم، کە دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرتووە کە بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانمان نارد، بۆ ئەوەی بتوانن لە دژی حکومەتی ئێران بجەنگن.
دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ دووشەممە، 6-4-2026، لە ئاهەنگی جەژنی ئیستەر - هەستانەوەی کریستیانەکان لەناو باخچەی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، "ئێمە هەندێک چەکمان نارد بڕیار بوو بگاتە دەستی خۆپێشاندەرانی ئێران بۆ ئەوەی بتوانن لە دژی حکومەتی ئێران بجەنگن. بەڵام ئەو لایەنەی چەکەکانمان بۆ ناردبوون، بۆ خۆیان هەڵیانگرت. زۆر تووڕم لێیان و بۆ ئەو کارەیان باجێکی گەورە دەدەن".
ترەمپ، جارێکی دیکەش هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە وادەی کۆتاییە بۆ ئێران تاوەکو گەرووی هورمز بکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیازەکەی ئێران بۆ "کۆتاییهێنان بە جەنگ هەنگاوێکی باشە، بەڵام بەس نییە"، جەختیشیکردەوە، کە بژاردەی "سەربازی و "سڕینەوەی" ژێرخانی ئەو وڵاتە لەبەردەستدایە".
گوتیشی، "ئێران دەبێت هەندێک هەنگاوی کردەیی بنێت ئەوان دەزانن چیمان لێیان دەوێت".
سەبارەت بە سەروەت و سامانی ئێران، ترەمپ بە ڕاشکاوی گوتی: "ئەگەر بەدەست من بوایە، نەوتەکەیانم دەبرد و پارەیەکی زۆرم لێ پەیدا دەکرد".
هەروەها دوێنێ، ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ڕاگەیاند، لە ڕێگەوی کوردەوە چەکی بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران ناردووە، بەڵام ئەوان [کوردەکان] دەستیان بەسەردا گرتووە و چەکەکەیان لای خۆیان هێشتووەتەوە.
هاوکات دوێنێ یەکشەممە، بەشێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڵامی دۆناڵد ترەمپیان دایەوە و ڕایانگەیاند، "هیچ جۆرە چەک و هاوکارییەکی سەربازییان لە ئەمریکاوە پێنەگەیشتووە و ئەو چەکانەی لەبەردەستیاندان "کۆنن و هی ئێستا نین".