ڕاستەوخۆ

ترەمپ داوا دەکات ئێران یۆرانیۆم نەپیتێنێت

reset font size increase font size

سەرۆکی ئەمریکا، لەدوای بەڕێوەچوونی گەڕی سێهەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە هەڵوێستی ئێران لە دانوستانەکاندا ڕازی نییە و هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە بەرهەمهێنانی ماددەیەک کە بتوانرێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت.

 لێدوانەکانی ترەمپ نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیاتر کردووە.

هاوکات زۆرێک لە وڵاتان داوایان لە هاوڵاتیانیان کردووە بە زووترین کات ئێران بەجێبهێڵن و بەشێکی زۆری وڵاتان گەشتەکانیان بۆ ئێران هەڵوەشاندوەتووە، لەهەمان کاتدا، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عەمان، کە نێوەندگیری دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئێران دەکات، ڕایگەیاندوە، ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە یۆرانیۆمی پیتێنراو کۆنەکاتەوە.

بەدر بوسەعیدی پێی وایە کە دەتوانرێت لە ماوەی سێ مانگدا هەموو کێشەکان "بە شێوەیەکی دۆستانە و هەمەلایەنە" چارەسەر بکرێن.

لە لایەکی دیکەوە، ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، خەریکە پەیامی ئەرێنی دیپلۆماسییەت کۆتای پێدێت، هەروەها دەڵێت، کە جوڵەی
سەربازی کاریگەری زۆر خراپی لە سەرانسەری ناوچەکەدا لێدەکەوێتەوە.

هەروەها لیندسی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆمارییەکان، کە چەندین جار داوای دەستوەردانی ئەمریکای کردووە بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ، نووسیویەتی: “بۆ من ڕوونە کە باشترین و تاکە چارەسەری درێژخایەن ئەوەیە کە لەگەڵ گەلی ئێران بوەستین و داوای گۆڕینی ڕژێم بکەین”.

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕاگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و جارێکی دیکە داوای لە هاوڵاتیانی ئەمریکی کرد بە زووترین کات ئێران بەجێبهێڵن.

هەر لەم بارەیەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا کە ڕۆژی هەینی (27ی شوبات) بۆ وڵاتانی ئەندام نێردراوە، کۆپییەکی لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە بینراوە، ڕایگەیاندووە، بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراو کە نزیکە لە پلەی چەک، لە ناوچەیەکی ژێرزەمینیی شوێنی ئەتۆمی ئیسفەهان هەڵدەگیرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.