دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لەسەر داواکاریی ئەو ئێران پاشگەزبووتەوە کە هەشت ژنی زیندانیکراوی دوایین خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارە بدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تروس سۆشیاڵ دا ڕایگەیاند، "سوپاسی سەرکردایەتی ئێران دەکەم کە گوێڕایەڵی قسەکانم بوون و لەسێدارەدانی هەشت ژنە گیراوی خۆپیشاندانەکانی هەڵوەشاندەوە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، چوار کەس لەو ژنە گیراوانە دەستبەجێ ئازاد دەکرێن و چوار کەسی دیکەشیان تەنها بۆ ماوەی یەک مانگ زیندانی دەکرێن.
ئەم پۆستەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە دێت پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئێران دەیەوێت هەشت ژنە گیراوی خۆپیشاندانەکان لە سێدارە بدات. هەروەها داوایکردبوو، ئەو ژنانە دەستبەجێ ئازاد بکرێن.
هاوکات دەزگای دادوەریی ئێران ئەم تۆمەتەی دۆناڵد ترەمپی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هێشتا دادگە حوکمی کۆتایی لە بارەی دۆسییەی ئەم هەشت ژنە زیندانیکراوە دەرنەکردووە.