هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، ئەسفەهان، تەورێز، بوشەهر، ئابادان و چەندین ناوچەی دیکە زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە و دەنگی تەقینەوەی گەورە لە زۆربەی شارەکان بیستراوە.
شەوی هەینی و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تاران و چەندین شاری گەورەی دیکەی ئێران ڕووبەڕووی شەپۆلێکی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتى میدیا ناوخۆییەکانى ئێران، دەنگی تەقینەوەی گەورە لە باکور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی تاران بیستراوە و دانیشتووانی پایتەخت ئەم شەوەیان بە "ترسناکترین شەو" لە دەستپێکی جەنگەوە وەسف کردووە. هاوکات هێرش کراوەتە سەر زانکۆی شەهید بەهەشتی تاران و زیانی پێگەیشتووە.
هەروەها شاری تەورێز ڕووبەڕووی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەی کێوی عەیناڵی و وەلیعەسر بووەتەوە و بەهۆیەوە کارەبای زۆربەی گەڕەکەکانی ئەو شارە پچڕاوە.
لە باشوری ئێرانیش، کارگەکانی دروستکردنی کەشتی لە بوشەهر، ئەسکەلەی بەندەری چارەک و شاری ئابادان کەوتوونەتە ژێر بۆردومانێکی قورس کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دەیان کەشتیی بارهەڵگر.
هەروەها لە پارێزگای ئەسفەهان، فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەو شارە کراوەتە ئامانج و لە شارەکانی کەرەج و ئیسلامئابادیش دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە.