لە دۆڵی ئالانەی سەر بە قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر بە حەوت درۆن هێرشکرایە سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ سەرچاوەیەکیش لە حیزبی دیموکرات دەڵێت: "هێرشەکان تەنیا زیانی ماددییان هەبووە و سێ درۆنیش خراونەتە خوارەوە."
شەوی چوارشەممە، بە حەوت درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانەی سەر بە قەزای خەلیفان لە سنووری پارێزگای هەولێر.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە نووچە تیڤی ڕاگەیاند: "لە کۆی ئەو حەوت درۆنەی کە ئاڕاستەی بنکەکانمان کرابوون، سێ درۆنیان لە ئاسمان پێش پێکانی ئامانجەکانیان پووچەڵ کراونەتەوە و خراونەتە خوارەوە."
سەبارەت بە زیانەکانی ئەو هێرشە، سەرچاوەکە دڵنیایی دا کە هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانیاندا نەبووە و گوتی: "هێرشەکان تەنیا زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە."
ئاماری هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست نووچە تیڤی کەوتوون، لەدوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی نافەرمی نێوان ئەمریکا و ئێران، هێرشە درۆنی و موشەکییەکان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامبوون.
کۆی گشتیی زیانەکانی هێرشەکانی دوای ئاگربەست:
ژمارەی هێرشەکان: زیاتر لە 100 هێرش.
گیانلەدەستدان: 5 کەس.
برینداربوون: 17 کەس.
زۆربەی ئەم هێرشانەش بە شێوەیەکی چڕ ئاڕاستەی کەمپ و نیشتەجێگاکانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنکەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کراون لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا.