سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری تەنیا سیاسەتێکی ئەمنی نییە، بەڵکو گوزارشت لە دیدگایەکی ستراتیژیی دەوڵەت بۆ سەدەی نوێ دەکات و دەشڵێت: "سەرکەوتنی پرۆسەکە بەرەی ناوخۆیی و ئاسایشی وڵات بەهێزتر دەکات."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەمیانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی کردنەوەی "کۆنفرانسەکانی ئاسایشی نیشتمانی" لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا تیشکی خستەسەر پرۆسەی چارەسەری لە وڵاتەکەیدا.
ئەردۆغان راگەیاند: "ئەو هەنگاوانەی دەیاننێین، لەسەر بنەمای بڕوابەخۆبوون، ئازایەتی، نەخشەڕێگەی روون و سەربەخۆیی لە بڕیاردان د دایە، ئەمەش بنەمای سەرەکییە بۆ پرۆسەی چارەسەری."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە رەهەندە ستراتیژییەکانی ئەو هەنگاوە کرد و گوتی: "پرۆسەی چارەسەریی تەنیا سیاسەتێکی ئەمنی نییە، بەڵکو گوزارشت لە دیدگایەکی ستراتیژیی دەوڵەت بۆ سەدەی نوێ دەکات."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ئەردۆغان جەختی لە گرنگیی سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە کردەوە بۆ ناوخۆی تورکیا و رایگەیاند، سەرکەوتنی پرۆسەکە بەرەی ناوخۆیی و ئاسایشی تورکیا بەهێزتر دەکات و دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگەی نوێ لەبەردەم گەلی تورکیادا.