گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلا دۆخی ئابوری لە کوبا خراپتر کردووە.
ماڵپەری دی دەبلیو بڵاویکردەوە، کەمبوونەوەی دابینکردنی سوتەمەنی بووەتە هۆی داخستنی کەرتە گرنگەکانی ژیان لە کوبا وەک زانکۆکان، هاتوچۆی پاسەکان و چالاکییە گەشتیارییەکان.
حکومەتی کوبا، لەپێناو پاشکەوتکردنی وزەی سوتەمەنی و پاراستنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان ڕێوشوێنی نوێی گرتووەتەبەر، هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بەبێ بوونی مەرجی پێشوەختە ڕاگەیاندووە.
دۆخی ئابوری کوبا بەهۆی هەناردەکردنی نەوت لە ڤەنزوێلا و ئەو داهاتە گەشتیارییەی بەدەستیدەهێنا لە ئاستێکی باشدابوو، بەڵام گەمارۆکانی ئەمریکا و دەستێوەردانەکانی لە ڤەنزوێلا لە ئێستادا ئابوری وڵاتەکەی پەکخستووە.
هاوڵاتییانی کوبا دەڵێن، ئەم دۆخەی ئێستا هاوشێوەی قەیرانی ئابوری ساڵانی نەوەدە، بەڵام شارەزایانی بواری ئابوری جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ئەم بارودۆخەی ئێستا بە بەراود بە ساڵانی پێشوو خراپترە.