ئاژانسی هەواڵێ سی ئێن ئێن ئاشکرایکرد، هەناردەی نەوتی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەتایبەت ئەو بڕە نەوتەی کە رەوانەی وڵاتی چین دەكرێت.
ئامینە بەکر سەرۆکی بەشی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆپێك پڵەس بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، بههۆی هەڵکشانی گرژییەکان و توندتربوونی سزاکانی رۆژئاوا لەسەر کەرتی نەوتی ئێران، بڕی بارکردنی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لە کۆتایی مانگدا پاشەکشەی بەرچاوی کردووە.
راشیگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بۆ کەمتر لە 1.35 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزێت، ئاستێک کە لە دوای مانگی کانوونی دووەمی 2024هوه هاوشێوەی نەبووە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسراییل، رێککەوتن لەسەر ئەوەی واشنتن هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین.