وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی گروپە لە یاسادەرچووەکان لە عێراق بەرهەمهێنانی نەوت كێڵگەی سەرسەنگ لە سنوری پارێزگای دهۆك ڕاگیرا.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، دوێنێ شەو لەلایەن گروپە لە یاسادەرچووەکان لە عێراق هێرشێكی "تیرۆرستی" كرایە سەر كێڵگەی HKN لە سەرسەنگ لە سنوری پارێزگای دهۆك، زیان بەر کێڵگەکە کەوتووە و بووەتەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان تێیدا.
ئاماژە بەوەشكراوە، وێڕای سەركۆنەكردن و شەرمەزاركردنی ئەم هێرشە "تیرۆرستییە" كە ئامانج لێی ژێرخانی ئابووریی و سامانی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەش لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە كە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتییەوە هێرش دەكرێت و زیان بە هەرێمی کوردستان و داهاتی سەرجەم عێراق دەگەیەنن.
دەشڵێت، داوا لەحكومەتی فیدراڵی عێراق دەكەین ڕێگری لە هێرشەكان بۆ سەر خەڵكی مەدەنی هەرێمی كوردستان و ژێرخانی ئابووریی و كەرتی نەوت و غاز بكەن.
هاوکات، گروپی "سەرایە ئەولیا ئەلدەم"ـی بەرەی مقاومەی عێراقی ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو بە درۆن هێرشیان کردووەتە کێڵگەیەکی نەوت لە سنوری پارێزگای دهۆک.