بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو هاوڵاتییانەی کە دەیانەوێت لە دەرەوە بگەڕێنەوە هەرێم ژوورێکی هاوبەش و دوو هێڵی گەرمان دابین کراوە بۆ گەڕانەوەیان بە زووترینکات.
سەفین دزەیی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، بەداخەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕ و پێکدادان بووەتەوە و هەمیشە خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی یەکەم، هیوادارین ئەم بارودۆخە زوو کۆتایی بێت .
گوتیشی، بەهەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی تورکیا ڤیزای پێنج ڕۆژی دەدرێت بەو هاوڵاتیانەی کە دەیانەوێت لە ڕێگەی وشکانی بگەڕێنەوە هەرێم.
دەربارەی ئەو كهسانهشی لە ئێرانن، ئاماژەی بەوەکرد، دەتوانن لە ڕێگەی دەروازەکانەوە بگەرێنەوە .
هاوکات، سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا گوتی، ئەمریکا لە ساڵی 1991ـەوە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بووە و ناوچەی دژەفڕینیان بۆ دابین کردووین، هەروەها لە شەڕی داعش لە ساڵی 2014 پاڵپشتمان بوون، بۆیە ئەم پەیوەندییە وەک هاوپەیمان شتێکی نوێ نییە."