لەسەروبەندی گەشتێکی ئاسمانیی تایبەت بە خۆهەڵدان لە فڕۆکەوە (Skydiving) لە ویلایەتی میزۆریی ئەمریکا، فڕۆکەیەک تەنیا چەند خولەکێک دوای فڕینی کەوتەخوارەوە و لە ئەنجامدا فڕۆکەوانەکە و ١١ یاریزان کە سەرنشینی بوون، گیانیان لەدەستدا.
پۆلیسی ویلایەتی میزۆری ڕایگەیاند، ڕووداوەکە رۆژی یەکشەممە لە نزیک فڕۆکەخانەی "بەتڵەر مێمۆریال" لە شاری بەتڵەر (نزیکەی ١٠٦ کیلۆمەتر لە باشووری کانزاس سیتی) ڕوویداوە.
فڕۆکەکە کە لە جۆری (Pacific Aerospace P750) بووە، کاتژمێر ١١:٣٠ی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی، ١٢ سەرنشینی هەڵگرتبوو و دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی، لە کێڵگەیەکی ناو سنووری فڕۆکەخانەکەدا کەوتووەتە خوارەوە.
چاد ئەندەرسۆن، شەریفی ناوچەی بەیتس، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانی قوربانییەکان لە نزیک فڕۆکەخانەکە بوون و لە نزیکەوە بینیویانە کە فڕۆکەکە چۆن کەوتووەتە خوارەوە.
ئەندەرسۆن گوتی: "هیچ گوتەیەک نییە بتوانێت ئازارەکانیان کەم بکاتەوە، تەنیا دوعایان بۆ دەکەین."
کۆمپانیای (Skydive Kansas City) کە بەرپرس بوو لە ڕێکخستنی ئەم گەشتە وەرزشییە، لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان کرد و ڕایگەیاند: "ئەمە زیانێکی گەورە و جەرگبڕە بۆ هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی خۆهەڵان لە فڕۆکەوە هەیە؛ لە ئێستادا تەواوی تیمەکەمان لە شۆکدان."
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی فیدراڵی (FAA) و دەستەی نیشتمانیی سەلامەتیی گواستنەوە (NTSB) لە ئەمریکا دەستیان بە لێکۆڵینەوەی چڕ کردووە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، هاوکات پۆلیس ڕایگەیاندووە کە ناوی قوربانییەکان بڵاوناکرێتەوە تاوەکو بە فەرمی کەسوکاریان ئاگادار دەکرێنەوە.