بەهۆی سستی و پچڕانی بەردەوامی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ناوخۆی ئێران، هاوڵاتییانی شارە سنوورییەکانی ئەو وڵاتە پەنا بۆ بەکارهێنانی سیمکارتی کۆمپانیاکانی گەیاندنی عێراق دەبەن و ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەش دەڵێت: "کۆچێکی دیجیتاڵی دەستیپێکردووە."
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە شارە سنوورییەکانی ئێران و لە نزیک سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، فرۆشتن و بەکارهێنانی سیمکارتی عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کوالێتی و خێرایی ئینتەرنێتی عێراقی لەو ناوچانە زۆر باشترە لە هێڵە ناوخۆییەکانی ئێران کە رووبەڕووی سنووردارکراون.
بەگوێرەی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان بۆ ئاژانسەکە، ئێواران ناوچە سنوورییەکان دەبنە شوێنی کۆبوونەوەی سەدان ئۆتۆمبێل و هاوڵاتی.
ئیرنا ئەو دۆخەی بە "کۆچی دیجیتاڵی" ناوبردووە، کاتێک بەکارهێنەرانی ئێرانی ناچار دەبن بۆ راییکردنی کارە ئۆنلاینەکانیان، پشت بە سیمکارتی وڵاتێکی دراوسێ ببەستن.