لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی، دەوڵەت باخچەلی پێشنیازی دروستکردنی میکانیزمێکی نوێ بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەکات، هاوکات دەم پارتیش ئاشکرای دەکات، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئۆجالان کۆدەبنەوە.
ئایشەگول دۆغان گوتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە هەنگاوی کۆنکرێتی بنرێت بۆ خێراکردنی پرۆسەکە و نەهێشتنی قەیرانی متمانە. گۆتیشی: "لەو کاتەوەی گوتومانە قۆناغی یەکەم تەواو بووە، پێویستیی هەنگاوێکی نوێ لە پێشینەی کارەکانمان بووە، لەم ڕووەوە هەوڵەکانی باخچەلی بە گرنگ دەزانین".
لە لایەکی دیکەوە، لە نەخشەڕێگایەکی نوێدا، دەوڵەت باخچەلی پێشنیازی کردووە، عەبدوڵا ئۆجالان بکرێتە (هەماهەنگکاری پرۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن). بە گوێرەی پێشنیازەکە، ئامانج لەم پێگەیە ئەوەیە، ئۆجالان لە قۆناغی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەدا کاریگەریی بەسەر پەکەکەدا بمێنێت، بۆ ئەوەی ڕێگری ئەگەری تێکدانێکی پرۆسەکە بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پرۆسەکە ئامانجییەتی کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت و گەریلاکانی پەکەکە بەرەو کاری سیاسی ئاراستە بکات. لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بەوە کراوە، بۆ تەواو بوونی قۆناغی چەکدانان، ئۆجالان دەبێتە هەماهەنگکار و لە ڕێگەی دەزگاکانی دەوڵەتەوە پەیوەندییەکی سنووردار و کۆنترۆڵکراوی بۆ ڕەخساندنی کەشی سیاسی بۆ دابین دەکرێت.
بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی پرۆسەکەش، بڕیارە دوو لیژنە پێکبهێنرێن، لیژنەیەک لەناو پەرلەمانی تورکیا بە بەشداریی پارتەکان و لیژنەیەکی دیکەش بە ناوی (لیژنەی ئاراستەکردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و یەکڕیزی)، بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆمار و بەشداریی چەند وەزارەتێک و دەزگای هەواڵگری پێکدەهێنرێت.