بۆ یەکەمجار لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، قوتابخانەیەکی سەرەتایی بە دوو زمان دەکرێتەوە کە تێیدا پڕۆگرامی خوێندن بە هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی پێشکەش دەکرێت.
قوتابخانەکە بە ناوی "قوتابخانەی سەرەتایی ڕەزا باران"ـەوە دەبێت، کە وەک ڕێزلێنانێکە بۆ ناوی سیاسەتمەدار و پەروەردەکاری کۆچکردووی کورد ڕەزا باران (1942 - 2020).
پڕۆژەکە لەلایەن یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (YEKMAL) سەرپەرشتی دەکرێت و سەرجەم مۆڵەتە فەرمییە پێویستەکانی لە دامەزراوە پێوەندیدارەکانی ئەڵمانیاوە وەرگرتووە.
ئامادەکارییەکانی قوتابخانەکە تاوەکو ئاستێکی زۆر کۆتاییان هاتووە و بڕیارە لە ساڵی خوێندنی 2027-2028 بە فەرمی دەرگای بەڕووی قوتابییاندا بکرێتەوە.
لە قوتابخانەیەدا، لە پۆلی یەکەم تاوەکو شەشەمی سەرەتایی، هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی بە هەمان ئاست و هاوشانی یەکتر دەگوترێنەوە.
قوتابییانی ئەم قوتابخانەیە بڕوانامەیەکی فەرمی وەردەگرن کە هاوشێوەی قوتابخانەکانی دیکەی ئەڵمانیایە و دەتوانن دوای تەواوکردنی، لە قوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکاندا درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن.
گیونای دارجێ، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی (YEKMAL) ڕایگەیاند، زیاتر لە 100 هەزار کورد لە بەرلین دەژین و بەهۆی ئەو پێشوازییە گەورەیەی پێشتر لە دوو باخچەی ساوایانی دوو زمانەی ڕێکخراوەکەیان کرابوو (کە لە ساڵانی 2014 و 2018 کرانەوە)، بڕیاریان دا ئەم قوتابخانە سەرەتایییەش بکەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی YEKMAL ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی کۆتاییان ئەوەیە ئەم مۆدێلە لە پەروەردەی دوو زمانە تا قۆناغی ئامادەیی درێژەی هەبێت و گوتی: "زمان تەنیا بۆ قسەکردن و تێگەیشتن نییە، بەڵکو زمان بۆ ئەوەیە مرۆڤ خوێندنی پێ بخوێنێت، پێی بنووسێت و پێی بخوێنێتەوە. قوتابخانەکەمان ڕۆڵێکی گەورە لە خزمەتکردن بە زمانی کوردی دەگێڕێت."