وەزارەتی کارەبا، ئاو و وزە نوێبووەوەکانی کوێت ڕایگەیاند کە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و شیرینکردنی ئاوی وڵاتەکەیان بۆ دووەمجار لە ماوەی دوو ڕۆژدا لەلایەن ئێرانەوە بۆردومان کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی هێرشەکانی تاران بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکەی ئێرانی بە "قێزەون" ناوبرد و وەک "دووەم هێرشی دوژمنکارانە لە ماوەی دوو ڕۆژدا" وەسفی کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ئاگرکەوتنەوەی نێو وێستگەکە زیانی بە "ژمارەیەکی زۆر لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا" گەیاندووە، ئەمەش وایکردووە دەستبەجێ پلانە بەپەلەکان (Emergency plans) چالاک بکرێن بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیستمی کارەبای وێستگەکە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هێرشەکەی دوێنێش بووبووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر، بەڵام تەنیا لە "یەکێک لە بەشەکانی وێستگەکەدا".
وەزارەتی کارەبای کوێت ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشێکی هاوشێوە ڕۆژی هەینیش ڕوویدابوو، کە تێیدا یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و شیرینکردنی ئاو بەهۆی ئاگری پاش هێرشەکەی ئێران زیانیان بەرکەوتبوو.
لە دوای دەستپێکردنەوەی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان تاران و واشنتن، کوێت یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆربەی جارەکان دەکرێتە ئامانج؛
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی شیرینکردنی ئاو لە کوێتدا، نزیکەی ٩٠٪ی پێداویستیی ئاوی پاکی ئەو وڵاتە دابین دەکات.