بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکووک بڕیاری یەکپۆشیی جلوبەرگی بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگاکە دەرکرد، و بەڕێوەبەری خوێندنی کوردییش جەخت دەکاتەوە کە بڕیارەکە خوێندنی کوردی ناگرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارەکە تەنها ناوەندەکانی خوێندنی عەرەبی، تورکمانی و سریانی دەگرێتەوە، و بۆ ئەم مەبەستەش ڕەنگی جلوبەرگی فەرمی بۆ خوێندکاران بەم شێوەیە دیاری کراوە:
کوڕان: پانتۆڵی ڕەساسی، نیلی، ڕەش یان خاکی، لەگەڵ کراسی سپی یان شینی کاڵ.
کچان: هەمان ڕەنگەکان بۆ کراس و تەنوورە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکووک ئاگاداریی داوە کە سەرجەم خوێندنگە مەبەستدارەکان دەبێت پابەندی ئەم ڕێنماییە بن و لە کاتی پێچەوانەدا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.
لەلای خۆیەوە، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ڕایگەیاند کە ئەوان وەک خوێندنی کوردی پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەبن و ئەم بڕیارە ناوەندەکانی خوێندنی کوردی ناگرێتەوە.