بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژەکەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەربڕی بەمەبەستی دامەزراندنی ئەنجومەنێکی باڵا بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لە هەرێمی کوردستان.
دوای سەردانی شاندێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ مەکۆی سەرەکسی بزووتنەوەی گۆڕان، گوڵستان سەعید بە نوێنەرایەتی گۆڕان ڕایگەیاند:
"پشتیوانی لە پڕۆژەکەی حزبی سۆسیال دیموکرات دەکەین. بیرۆکەی دروستکردنی ئەنجومەنێکی سیاسی بۆ سەرۆک و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە گشتییەکان بابەتێکی نوێ نییە."
گوڵستان سەعید ئاشکرای کرد کە پێشتر و لە دوای گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتیی بۆ پێکهێنانی حکومەت، لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەبارەی ئەم ئەنجومەنەوە کرابوو، بەڵام بەهۆی ڕاوەستانی گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو هێزە، چارەنووسی ئەم پرسە بە هەڵواسراوی مابووەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بیرۆکەی دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە سیاسییەی خستەڕوو، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەیە؛
بەشێکیان پێشوازیی لە بیرۆکەکە دەکەن و بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانن، لە بەرامبەردا بەشێکی دیکەیان ڕەخنەی لێدەگرن و پێیان وایە دروستکردنی دهستهیهكی لەو شێوەیە، ڕۆڵی دامەزراوە شەرعییەکانی وەک پەرلەمان، حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری کەم دەکاتەوە یان پەکدەخات.