دوای بەرزبوونەوەی لەناکاوی بەهای دۆلار لە بازاڕەکاندا، بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دەدات لە جێگیریی نرخی دینار و ڕەتیدەکاتەوە هیچ پلانێک بۆ گۆڕینی نرخی فەرمی هەبێت؛ شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ وەرزی گەشتوگوزار و ڕێککەوتنی ئەم دواییەی واشنتن و تاران دەگەرێننەوە.
لە کاتێکدا بەهای فەرمیی 100 دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژە لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نرخی دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و 155 هەزار دیناری تێپەڕاندووە.
ڕەتکردنەوەی دەنگۆکان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە
بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و بازرگانان لەبارەی جێگیریی بەهای دینار و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک بەنیازی گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نین بە جۆرێک کە 100 دۆلار بگاتە 160 هەزار دینار.
بانکەکە جەختی کردەوە ئەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە "درۆی بێبنەمان و ئامانجیان چەواشەکاری، دروستکردنی پشێوی لە بازاڕ و قۆستنەوەی دەرفەتە."
هۆکارەکان کاتین
مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتین و پێوەستن بە وەرزی هاوینەوە، چونکە لەم وەرزەدا گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات زیاد دەکات و ئەوەش خواست لەسەر کڕینی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا بەرز دەکاتەوە.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران هۆکارێکی دیکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "هێشتا بەشێک لە چالاکییە بازرگانییەکان لە دەرەوەی سیستمی بانکی و پێگە فەرمییەکانی حکومەتن، بازرگانانیش ناچارن دۆلاری پێویست لە بازاڕی ئازادەوە دابین بکەن."
کاریگەریی ڕێککەوتنی واشنتن و تاران
لەلایەکی دیکەوە، بەشێک لە شارەزایانی بواری دارایی و ئابووری پێیان وایە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پێوەندیی بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی سیاسی و سەربازیی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە هەیە.
بە گوتەی ئەو شارەزایانە، بڕیاری کردنەوەی گەرووی هورمز و ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان، جووڵەیەکی گەورە لە بازاڕی ناوچەکەدا دروست دەکات، ئەمەش ئامادەکاریی پێشوەختەی بازرگانانی لێکەوتووەتەوە و خواستێکی زیاتری لەسەر دراوی دۆلار بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵە بازرگانییەکان هێناوەتە ئاراوە.