ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما کۆمەڵێن کوردستان (کەجەکە) ڕایدەگەیێنێت، پرۆسەی چارەسەریی لە تورکیا نەگەیشتووەتە بنبەست، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیددی بووەتەوە.
ئاماژە بەوەش دەکات کە جیاوازییەکی قووڵ لە نێوان تێڕوانینی کورد و دەوڵەتی تورکیادا هەیە بۆ پرۆسەکە.
سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئیتاڵیدا ڕایگەیاند:
"لەنێوان هەردوو لایەنی پرۆسەکەدا جیاوازییەکی قووڵ لە ڕوانگە و تێڕوانینەکاندا هەیە؛ لایەنی کوردی پرۆسەکە وەک 'چارەسەرکردنی کێشەی کورد و دیموکراتیزەبوونی تورکیا' دەبینێت، لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا لەژێر دروشمی 'تورکیای بێ تێرۆر'دا تەنیا داماڵینی چەک دەکاتە ئەولەویەت".
ئەو بەرپرسەی کەجەکە مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەکەی بەستەوە بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و گوتی: "بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە ئۆجالان وەک لایەنی سەرەکیی پرۆسەکە قبووڵ بکرێت و ژینگەیەکی ئازادی بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت".
سەبری ئۆک لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژاوا گرت و گوتی:
"تورکیا لە ڕوانگەیەکی سیاسی و بەرژەوەندیخوازییەوە نزیکی بابەتەکە دەبێتەوە، یەکێتیی ئەورووپاش چاوی خۆی لەم ڕاستییانە دەنوقێنێت".
ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کەجەکە جەختیشی کردەوە کە ئەوان لە پێناو بەدیهێنانی مافەکانیاندا، بەردەوام دەبن لە تێکۆشانی خۆیان.