ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکراوە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بە مەبەستی بەردەوامیدان بە دانوستانەکان لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
لەو چوارچێوەیەدا، سێ دۆسیەی گرنگ دەخرێنە بەر باس:
هەماهەنگیی هەمیشەیی: تاووتوێکردنی پێشنیاری پێکهێنانی "دەستەیەکی باڵای وەزاریی هەماهەنگیی هەمیشەیی" کە لە وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیداری هەردوولا پێکدێت، بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و خێراکردنی چارەسەرەکان.
دۆسیەی نەوتپێداچوونەوە بە دوایین ئەنجام و دەرئەنجامەکانی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و دواکۆبوونەوەی نێوان هەردوولا.
داهاتە ناوخۆییەکان و ئەسیکۆدا:هەڵسەنگاندنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت خستنەڕووی خشتەی داهاتە ناوخۆییەکان. لەم تەوەرەدا، کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچەکە و بەتایبەت "یەکلانەکردنەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا" و لێکەوتەکانی لەسەر دابەزینی ئاستی داهاتی ناوخۆیی بە وردی تاووتوێ دەکرێن.
چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیێندراوێکی فەرمی لەبارەی بڕیار و ڕاسپاردەکانیان بڵاوبکاتەوە.